سیاسی

لاهور تاڵەبانی دەبرێتە بەردەم دادگا

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لاهور تاڵەبانی و 21 دەستبەسەرکراوی تری ڕووداوی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی بکرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە دەستەی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی ڕایگەیاند کە ناوبراو لەگەڵ 21 تۆمەتباری تری ڕووداوی هۆتێل لالەزار، بۆ جاری دووەم دەچنەوە بەردەم دادوەر و بە تۆمەتی تاوانی کوشتن بەپێی ماددەی 406 دادگایی دەکرێن. دیارترین ئەو کەسایەتییانەی بڕیارە دادگایی بکرێن بریتیین لە لاهور تاڵەبانی، پۆڵاد تاڵەبانی و ڕێبوار حامی غالی.

پێشتر لە ڕێکەوتی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگا بڕیاری سزادانی بەپێی ماددەی 56 بۆ 10 دەستبەسەرکراوی ئەو دۆسیەیە دەرکردبوو و 2 کەسیشی ئازاد کردبوو. لەم دۆسیەیەدا 64 کەس لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە وەک سکاڵاکار بەشدارن، لە کاتێکدا دەستەی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو هێزەی لەگەڵیاندا بووە، هێزی فەرمی و یاسایی بووە.

جێی ئاماژەیە ڕووداوی هۆتێل لالەزار لە مانگی ئابی 2025 و لە کاتی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی لاهور تاڵەبانی ڕووی دا، کە تێیدا ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسیش بریندار بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *