جیهانی

تڕەمپ جەنگی ئێران و گرانیی ژیان بە هۆکاری شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکان دەزانێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە بڕیاری جەنگ دژی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی هۆکاری سەرەکیی شکستی پارتی کۆماری بوون لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەگەر کات بگەڕێتەوە دواوەش دووبارە ئەو بڕیارە دەداتەوە.

شکستی کۆمارییەکان و دەستبەسەرداگرتنی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، سەرۆکی ئەمریکای خستووەتە دووڕیانێکی سەختەوە لە نێوان کۆتاییهێنانی دیپلۆماسییانە بە جەنگەکە یان بەردەوامیدان بە هەڕەشەکانی؛ لەلایەکی دیکەشەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە مانگی شوباتەوە، نرخی سووتەمەنی بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو زۆر بەرز بووەتەوە و دەنگدەران بەهۆی گرانیی تێچووی بژێویی ژیانەوە سزای پارتی کۆمارییان داوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەکانی دیموکرات لە کۆنگرێس داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێی جەنگەکە دەکەن، هاوکات لێکۆڵەران هۆشداری دەدەن کە هەر پەنابردنێکی نوێی ترەمپ بۆ هێرشی سەربازی یان درێژەدان بە گەمارۆ دەریاییەکان، مەترسیی داڕمانی زیاتری سەرۆکایەتییەکەی و دروستبوونی تەنگژەی قورستری لێ دەکەوێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *