ئابووری

مووچەی مانگی 10 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (4ی تشرینی دووەمی 2026) بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم لە تەمویلەکە بڕیوە، هەروەها بڕی زیاتر لە 4 ملیار و 476 ملیۆن دیناری شایستەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی نەناردووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامدا گەیشتووە و ڕێکارە تەکنیکییەکانی بانکی ناوەندی لە ڕێگەی سیستەمی (ACH) پێویستی بە ماوەی ڕۆژێک هەیە و ڕۆژانی هەینی و شەممەش پشووی فەرمییە، گواستنەوەی پارەکە بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران و دابەشکردنی دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *