سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی پڕۆژەی دروستکردن و جێبەجێکردنی یەکتربڕ و شەقامێکی نوێ بە گوژمەی 15 ملیار دینار ڕادەگەیەنێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بەستنەوەی سەنتەری شار بە شەقامی 100 مەترییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی شارەوانیی سلێمانی، یەکتربڕەکە بە ناوی یەکتربڕی قەرەتۆغان دەکەوێتە نزیک پردی وڵوبە لە نێوان پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی (ئەوین سیتی) و (گرین سیتی)، و بۆ تەواوبوونی پێویستی بە 550 ڕۆژ هەیە. بودجە و دیزاینی پڕۆژەکە ئامادە کراون و لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیای جێبەجێکار دەست بە کارەکانی دەکات.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە قەرەباڵغیی هاتوچۆ لە نێوان پردی وڵوبە و فلکەی سلێمانی – عەربەت بە تەواوی چارەسەر دەکات.
هاوکات لەگەڵ یەکتربڕەکەدا، شەقامێکی نوێ دروست دەکرێت کە لە نزیک ئەوین سیتییەوە دەست پێ دەکات و بە بەشی خوارەوەی گەڕەکی وڵوبە و بەردەم زانکۆی جیهاندا تێدەپەڕێت و دەچێتەوە سەر شەقامی کوردستی (ڕۆدی شەش) و لەوێشەوە ڕاستەوخۆ دەگاتەوە سەر شەقامی 100 مەتر (ئۆتۆبانی بابان)، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی شۆفێران و پەیوەندیکردنی ڕۆژهەڵات و سەنتەری شار بە شەقامی بازنەیی 100 مەترییەوە دابین دەکات.
