جیهانی

ئۆجەلان گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ لە ناو دوورگەی ئیمڕاڵی

میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ لە ناو دوورگەکەدا، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی سەیر دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی گواستنەوەکە تەنها گۆڕینی ژووری زیندان نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازی مانەوە و ڕۆڵی ئۆجالانەوە هەیە لە پرۆسەی سیاسی و ئاشتیی تورکیادا. میتحەت سانجار ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی ئاشتی بۆ ماوەی دوو مانگ بوو وەستابوو، و قبوڵکردنی ئەم گواستنەوەیە لەلایەن ئۆجەلانەوە دەبێتە هۆی خێراترکردنی پڕۆسەکە.

پێشتر ڕاگەیەندرا بوو کە شوێنە نوێیەکە خانوویەکی دوو نهۆمییە بە ڕووبەری داخراوی 250 مەتر دووجا لەگەڵ باخچەیەک، و تایبەت بۆ نیشتەجێبوون، کارکردن و ئەنجامدانی کۆبوونەوە دیزاین کراوە و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێتی تێدا دابین کراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *