گۆڕانکاریی وەرزی لە جۆری ڕووەکێکی خۆرسک لە کەناراوەکانی پارێزگای شاندۆنگی چین، زۆنگاوە شێدارەکانی ناوچەکەی بۆ ڕەنگێکی سووری درەوشاوە گۆڕیوە و دیمەنێکی ناوازەی ژینگەیی و گەشتیاریی خولقاندووە کە بە زۆنگاوی خوێناوی یان کەناراوی سوور ناسراوە.
ئەم دیاردە سروشتییە ساڵانە لە ماوەی نێوان مانگەکانی ئەیلوول تاوەکو تشرینی دووەم لە ناوچەی شاری چینگداو بەدی دەکرێت و ڕووبەری ئەو زۆنگاوە کەناراوییانە لە ناوچەی هۆنگشیا بە نزیکەی 155 هەزار هێکتار دەخەمڵێنرێت. هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە بۆ ڕووەکێک دەگەڕێتەوە کە بە سوێدا (Sueda) ناسراوە؛ لە وەرزی پاییزدا بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێی خاکەکە لە ئەنجامی هەڵکشانی ئاوی دەریا، ماددەی کلۆرۆفیل لە گەڵای ڕووەکەکەدا تێک دەشکێت و لە بەرامبەردا ماددەیەکی ڕەنگین بە ناوی بێتالاین دەردەدات بۆ ئەوەی بەرگەی سەرما و سوێری بگرێت، ئەمەش وا دەکات گەڵاکانی بە تەواوی بگۆڕێن بۆ سوورێکی ئاڵ و درەوشاوە.
جگە لە لایەنە گەشتیارییەکەی و ڕاکێشانی گەشتیاران لە سەرتاسەری جیهانەوە، ئەم پانتایییە وەک پەناگەیەکی سەرەکی بۆ باڵندە کۆچەرییەکان لەسەر هێڵی کۆچی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا کار دەکات و باڵندە دەگمەنەکانی وەک شینەشاوان، چەقەڵباڵندە و باڵندەی مەقعەل ڕووی تێ دەکەن. هاوکات ئەم ڕووەکە دەبێتە قەڵغانێک بەرامبەر شەپۆلە بەهێزەکانی دەریا و ڕێگری لە داخورانی کەناراوەکان دەکات و یارمەتیی چاککردنەوەی خاکی سوێر و بەپیتکردنی ژینگە دەدات.
