گشتی

شەپۆلی بارانبارین و هەورەبرووسکە تاوەکو ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەریی هاوبەشی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوور، شەپۆلێکی دابارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (5ی تشرینی دووەمی 2026) ئاسمان هەوری تەواو دەبێت؛ سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانەوە نمەباران دەست پێدەکات و لە نیوەڕۆدا درێژ دەبێتەوە بۆ سەنتەری شارەکان و لە شەودا لە دهۆک و هەڵەبجە بەردەوامیی دەبێت.پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی دادەبەزن و بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 23، لە سلێمانی و دهۆک 20، و لە هەڵەبجە 22 پلە دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ سبەی هەینی (6ی تشرینی دووەمی 2026) ناجێگیریی کەشوهەوا بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەدا تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت بڕێکی بەرچاو باران لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و گەرمیان ببارێت. ئەم شەپۆلە تاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە درێژەی دەبێت و پلەکانی گەرماش 1 بۆ 2 پلەی دیکە نزمتر دەبنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *