پاریزگا

12ـەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە کۆتایی هات؛ 1.8 ملیار دینار داهات و نیو ملیۆن سەردانکار تۆمار کرا

چالاکییەکانی 12ـەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دوای چهار ڕۆژ کۆتاییان هات، و بەپێی ئامارە فەرمییەکان فرۆشی ناو فێستیڤاڵەکە گەیشتە ملیارێک و 820 ملیۆن دینار و زیاتر لە 502 هەزار سەردانکاریش ڕوویان لە پارێزگاکە کرد.

لە کۆفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکان و تیمە ئەمنییەکانی کرد و ڕایگەیاند کە پلانە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەردانکاران بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوون. 

لەلایەن خۆیەوە، ستار مەحموود بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا کە ئاماری فرۆشی هەر چوار ڕۆژەکە لە بەشەکانی بەروبوومی کشتوکاڵی، خواردەمەنی و کارە دەستییەکان گەیشتووەتە ئەو بڕە داهاتە.

هاوکات چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەی خستە ڕوو کە لە ڕێگەی هەردوو دەروازەی شارەکەوە پێشوازی لە 502 هەزار گەشتیار کراوە، لەوانەش 96 هەزار و 750 ئۆتۆمبێلی بچووک، هەروەها چەندین مینی پاس، پاسی گەورە و ماتۆڕسکیل. فێستیڤاڵەکە لەم ساڵدا دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆی بۆ 1800 کەس و دەرفەتی ناڕاستەوخۆی بۆ 3500 کەسی دیکە ڕەخساندووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمی ساڵانەی هەنار لە هەرێمی کوردستان سەرووی 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزار تۆنی لە پارێزگای هەڵەبجەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *