دوای ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان و هاتنیان بۆ سەر شەقام، قائمقامیەتی ناوەندیی کەرکووک چووە دەم داواکارییەکەیانەوە و بڕیاری دا نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەی ئەهلی بە سێ هەزار دینار کەم بکاتەوە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە کە واژۆی نەقیب سەلام محەمەد عیزەدین، قائمقامی ناوەندیی کەرکووکی لەسەرە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی سەنتەری شارەکە بە 15 هەزار دینار دیاری کراوە. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەم هەنگاوە لە پێناو لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئابووریی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانیان نراوە.
لە بڕیارەکەی قائمقامیەتدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە سەرجەم خاوەن موەلیدەکان پابەندی ئەو نرخە بن و ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێنە بەر.
