سەرەڕای دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا بەشە نەوتی سپیی ماڵانی هەرێم ڕەوانە نەکراوە و رێکارەکانی ناردنی تەواو نەبوون.
لە پارێزگاکانی بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، دیوانییە و موسەننا دابەشکردنی نەوتی سپی دەستی پێکردووە و بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر نەوت بە نرخی 15 هەزار دینار دابین دەکرێت.
سەبارەت بە بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان، سەلیم ڕیکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە ئاگاداری گۆڕانی کەشوهەوا و ساردبوونی ناوچەکانی هەرێمن، بەڵام داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوت لە وەزارەتی داراییە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە هەموو هەوڵێک دەدرێت تا ناوەڕاستی ئەم مانگە بەشە نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
