سایلۆی سلێمانی ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو جووتیارانە دەکات کە لە ساڵی 2025 گەنمیان رادەستکردووە و تاوەکو ئێستا سەردانیان نەکردووە بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان، و دەشڵێت: “بڕی ئەو پارەیەی ماوەتەوە زیاتر لە 200 ملیۆن دینارە.”
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی ڕایگەیاند، داوا لەو جووتیارانە دەکەن کە بۆ وەرزی ساڵی 2025 گەنمیان رادەستی سایلۆ کردووە و تاوەکو ئێستا چەکەکانیان نەبردووە، بە زووترین کات سەردانیان بکەن. هەروەها هۆشداریی دا کە بۆ دوایینجار ئاگاداریان دەکەنەوە و بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرس دەبن لە هەر کێشەیەک.
بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی، ئەو شایستە داراییانەی خاوەنەکانیان نەچوون بۆ وەرگرتنی، بەشێوەی چەکی بانکییە و کۆی گشتییەکەی دەگاتە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار، لە کاتێکدا کۆی شایستەی دارایی جووتیارانی سنوورەکە بۆ ساڵی 2025 زیاتر لە 120 ملیار دینار بووە و هێشتا بڕی 33 ملیار دیناری لێ ماوەتەوە کە خەرج نەکراوە، هاوکات تا ئێستاش هیچ بڕە پارەیەک بۆ ساڵی 2026 خەرج نەکراوە.
