لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا لە نزیک شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، 68 کەس گیانیان لە دەست دا و 80 کەسی تریش بریندار بوون.
ڕووداوەکە لە دووری 150 کیلۆمەتر لە پایتەخت و لە نێوان دوو شەمەندەفەری خێرادا ڕووی دا کە لە مەدریدەوە بەرەو سەڤیلیا دەچوون، تێیدا یەکێک لە شەمەندەفەرەکان خۆی کێشا بە پشتی شەمەندەفەرێکی تری وەستاودا. بەپێی لێدوانی وەزیری گواستنەوەی ئیسپانیا، ڕووداوەکە بەهۆی شکستی پەیوەندییەکانی کۆمپیوتەر و دواتر بڕیارێکی هەڵە بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی شەمەندەفەرەکان ڕووی داوە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەم کارەساتە دەکرێت و لایەنی کەمتەرخەم ئاشکرا دەکرێت، جەختیشی کردەوە کە دووبارەبوونەوەی ڕووداوێکی لەم شێوەیە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە وڵاتەکەیدا مایەی قبووڵکردن نییە. هاوکات وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە 80 کەسی تر بریندار بوون و دۆخی تەندروستیی 15یان سەختە.
