گشتی

6 گەنجی دیکەی کورد لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەنگەوەهاتنی کەیسی کۆچبەران، 6 گەنجی ڕاپەڕین لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە و ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی 14 گەنجی دیکەیش دەستی پێ کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ڕایگەیاند کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 6 گەنجی دانیشتووی دەڤەری ڕاپەڕین دوای ڕزگارکردنیان لە لیبیا، بە هەماهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. لە فڕۆکەخانە، تیمە تەندروستییەکان پشکنین و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجام دان و پاشان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە.

ناوەندەکە ئاشکراشی کرد کە 14 گەنجی دیکەی هەمان ناوچە لە زیندانەکانی لیبیادا دۆزراونەتەوە و کارگێڕییەکانی ئازادکردن و گەڕاندنەوەیان دەستی پێ کردووە، هاوکات هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی 10 گەنجی ونبووی دیکە بەردەوامن. جەختیشی کردەوە کە بەهۆی ڕێکارەکانەوە کۆچکردن لە ڕێگەی لیبیاوە بە ڕێژەی %87 لەسەد کەمی کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *