سیاسی

 دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی دواخرا و سکاڵا لەسەر دادوەرەکەی تۆمار کرا

دەقی هەواڵ

دادگایکردنی لاهور شێخ جەنگی  – Slemani Daily

دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵەکانی لەسەر کەیسی هۆتێل لالەزار، بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن تیمی پارێزەرانەوە دژی دادوەری دۆسیەکە بۆ ماوەیەکی نادیار دواخرا، ئەمەش ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی ڕووبەڕووی پێشهاتی نوێ کردووەتەوە.

بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە سبەی، دادگای تاوانەکانی سلێمانی/2 دانیشتنێکی دیکە بۆ تاوتێکردنی کەیسەکە بەڕێوەبەرێت، بەڵام تیمی بەرگری لە لاهوور شێخ جەنگی ڕێکارێکی یاسایی نوێیان گرتەبەر کە بووە هۆی ڕاگرتنی دانیشتنەکە.

قادر ئاغا مەنتک، ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “سکاڵامان دژی یەکێک لە دادوەرانی دۆسیەکە تۆمار کردووە، بەو هۆیەشەوە دادوەری ناوبراو چیتر ناتوانێت دۆسیەکە بەڕێوەببات و دانیشتنەکەی سبەی ناکرێت و دوادەخرێت.”

سەبارەت بە هۆکاری یاسایی ئەم سکاڵایە، پارێزەرەکە ئاشکرای کرد کە دادگای تەمییزی هەرێمی کوردستان چەند مانگێکە داوای ناردنی دۆسیەکەی کردووە، بەڵام دادوەری کەیسەکە ئامادە نەبووە ڕادەستی بکات، ئەمەش وای کردووە تیمی بەرگری پەنا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا ببەن.

ئەم دواخستنە لەکاتێکدایە کە لاهوور شێخ جەنگی لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند جارێک براوەتە بەردەم دادوەر؛ یەکەمین دانیشتنی لە12ی کانوونی دووەمی 2026 بوو، دواینجاریش لە ١٤ی ئایاری ڕابردوودا لەبەردەم دادگا ئامادە بوو.

کەیسی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی بۆ ڕووداوەکانی شەوی 22ی ئابی2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژەتیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ) گەمارۆی هۆتێل لالەزاریان دا کە شوێنی مانەوەی خۆی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوو.

دوای ڕەتکردنەوەی داوای خۆڕادەستکردن، گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان هەردوولادا دروستبوو کە ماوەی سێ کاژێری خایاند, لە ئەنجامدا، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و سەرجەم هێزەکەی دەستگیرکران, بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەو پێکدادانەدا 5 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە20 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *