سیاسی

سەعدی پیرە: گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوامن

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغدا دەکاتەوە و دەڵێت، گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026 سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند کە ماف و شایستەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا جێگیر کراون و دەبێت تەواوی ئەو مافانە دابین بکرێن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، چونکە کورد لە پەرلەمانی عێراقدا زۆرینە نییە، بۆ جێگیرکردنی داواکارییەکان لە بودجەدا پێویستی بە یەکڕیزی و ڕێککەوتنی سیاسی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆیی و پێکهێنانی کابینەی نوێ، سەعدی پیرە ڕوونی کردەوە کە دانوستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامییان هەیە. گوتیشی کە پەیوەندییەکان و گفتوگۆکان پێویست ناکات هەمیشە بە ڕووبەڕوو بن، بەڵکو لە ڕێگەی دیکەشەوە بەڕێوە دەچن.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم قۆناغەدا بریتییە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *