لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، شەش کۆچبەری دەڤەری ڕاپەڕین کە لە لیبیا دەستگیر کرابوون، ئەمشەو دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، ڕایگەیاند کە بە هەماهەنگی و ڕێکخستنی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو شەش گەنجە کوردە بەڕێوە چووە کە پێشتر بە شێوەی نایاسایی لە ڕۆژهەڵاتی تەرابلوس گیرابوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پاش تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان، کۆچبەرەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەعیتیقە لە تەرابلوسەوە بە ڕێ کەوتن و ئەمشەو لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە نیشتمان.
