دەقی هەواڵ
کەیسی لاهور شێخ جەنگی – Slemani Daily
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دادگا یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار ئەنجام بدات، تیمی پارێزەرانیش بۆ دەیەمین جار هەوڵی گواستنەوەی کەیسەکە بۆ هەولێر دەدەن.
بڕیارە ڕۆژی 7ی ئایاری 2026، دادگا لەبارەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دابنیشێت. ئەم دانیشتنە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی وردبینی دێت و تێیدا بڕیار لەسەر داواکاریی گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ شاری هەولێر دەدرێت.
دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، ئاماژەی بەوە کرد کە “لە 7ی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادبینی دەکرێت بۆ خوێندنەوەی دۆسیەکە و بڕیاردان لەبارەیەوە.” ئامانجی سەرەکی پارێزەران لەم قۆناغەدا ناردنی کەیسەکەیە بۆ دادگاکانی هەولێر.
ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستە ڕوو کە سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا 9 جار داوای گواستنەوەی کەیسەکەیان کردووە، بەڵام داواکارییەکانیان قبووڵ نەکراوە و چاوەڕێی بڕیاری نوێی دادگا دەکەن.