سیاسی

دادگایکردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا یان هەبوونی ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی دەکەن و ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی بۆ بینینی کەیسەکە لەلایەن دادوەرەوە دیاری نەکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ 9ی ئاداری 2026 بڕیاربوو یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت بەڵام بەپێی زانیارییە نوێیەکان دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و بوڕهان ڕەشید گوڵە وەک سەرۆکی تیمی پارێزەران جەخت دەکاتەوە کە تا ئەم ساتە دادوەر تەماشای دۆسێیەکەی نەکردووە و هیچ خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ داواکە ئەنجام نەدراوە هەروەها ئاماژە بەوە دەدرێت کە پێدەچێت بەهۆی تێپەڕبوونی کات و نزیکبوونەوەی پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بکەوێتە دوای پشووەکان و لە هەفتەی داهاتووشدا هیچ دانیشتنێک ئەنجام نەدرێت.

ئەم ڕوونکردنەوانەی تیمی پارێزەران لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چل و هەشت کاتژمێری ڕابردوودا لە زۆرینەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا وا بڵاوکرایەوە کە ڕێککەوتن لەسەر کەیسەکە کراوە و لاهور شێخ جەنگی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد دەکرێت، بەڵام پارێزەرانی ناوبراو بە فەرمی ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە و بە نادروستیان لەقەڵەمدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *