وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە قەزای کفری بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکان 47,740 نەخۆش سەردانی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و 537 نەشتەرگەری و زیاتر لە 118 هەزار پشکنین و چارەسەری پزیشکی ئەنجام دراون.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەسەر ئاستی بەشە پسپۆڕییەکان، بەشی منداڵان بە 7,176 سەردانکەر و بەشی ژنان و منداڵبوون بە 7,149 سەردانکەر لە پێشەنگی بەشەکاندابوون؛ هاوکات بەشی ئێسک و شکاوی پێشوازی لە 5,873 نەخۆش و بەشی هەناوی پێشوازی لە 5,699 نەخۆش کردووە.
لە ئامارە فەرمییەکاندا ئاماژە بەوەش کراوە کە تاقیگە و بانکی خوێن 65,312 پشکنینی ئەنجام داوە، بەشی فریاکەوتن پێشوازی لە 16,509 هاووڵاتی کردووە و 18,886 نەخۆش سەردانی دەرمانخانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان لە قەزا و شارۆچکەکاندا.
