تەندروستی

سوورێژە بڵاوبووەتەوە و هۆشداری بە دایک و باوکان دەدرێت منداڵەکانیان بکوتن

نەخۆشی سوڕێژە

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی  ـ Slemani Daily

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاگادارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گوازراوەی سوورێژە لە نێو منداڵاندا دەدات، هاوكات داوا لە دایکان و باوکان دەکات بەپەلە ڕوو لە بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی دیاریکراو.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد فاتیح، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، داوای لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە.

لەگەڵ ئاگادارییەکەدا، تەندروستیی هەولێر 6 ڕێنمایی سەرەکیی بۆ خۆپارێزی و مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە گوماناوییەکاندا ئاڕاستەی خێزانەکان کردووە:

1. ناسینەوەی نەخۆشییەکە: نیشانە سەرەکییەکان بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە (تا) و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر پێست.

2. کوتان: پێویستە دایکان و باوکان بە تەواوی پابەندی خشتەی کوتان بن، چونکە تاکە ڕێگەی سەرەکییە بۆ ڕێگری لە گرتنی نەخۆشییەکە.

3. جیاکردنەوە (کەرەنتین): ئەو منداڵانەی گومانی سوورێژەیان لێ دەکرێت، دەبێت لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانە جیا بکرێنەوە. ماوەی جیاکردنەوەکەش تا 4 ڕۆژ دوای دەرکەوتنی پەڵە سوورەکان بەردەوام دەبێت.

4. پاراستنی کەسانی دەوروبەر: نەخۆش دەبێت لە بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە دوور بکەوێتەوە، بەتایبەت ئەو منداڵە بچووکانەی هێشتا نەکوتراون یان سیستمی بەرگریی جەستەیان لاوازە.

5. خزمەتگوزاریی ناوماڵ: دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام، هەواگۆڕکێی باش، پێدانی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی و خواردنی تەندروست بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی جەستەی منداڵەکە.

6. پێداویستییە کەسییەکان: جیاکردنەوەی کەلوپەلەکانی خواردن، خەوتن، خاولی و فڵچەی ددانی کەسی تووشبوو لە ئەندامانی دیکەی خێزان.

تەندروستیی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە لە کاتی تێکچوونی باری تەندروستیی منداڵ یان دەرکەوتنی نیشانەی نائاسایی، پێویستە بە زووتری کات سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە بکرێت.

سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە کە زیاتر لە نێو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە و لە ڕێگەی پڕشکی کۆخە، پژمە یان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆوە دەگوێزرێتەوە. پابەندبوون بە بەرنامەی نیشتمانیی کوتان لە بنکە تەندروستییەکاندا، بە بەهێزترین ئامرازی زانستی دادەنرێت بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە پەتاکە و ڕێگری لە لێکەوتە تەندروستییە مەترسیدارەکانی لەسەر منداڵان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *