ئابووری

پێشنیازی هەموارکردنەوەی خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت

لیژنەی تایبەتمەندی فەرمانی دیوانی لە عێراق پێشنیازێکی نوێی بۆ هەموارکردنەوەی خشتەی مووچەی فەرمانبەران ئامادە کردووە، کە زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و یەکخستنەوەی دەرماڵەکان لەخۆ دەگرێت و لە ئەگەری پەسەندکردنیدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، موحەممەد ئەبو عیس، ئەندامی پەرلەمان بە ڕۆژنامەی «سەباح»ی فەرمیی ڕاگەیاندووە، ئەو لیژنەیەی لە ساڵی 2022 بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانی مووچە پێکهێنراوە، چەند ڕاسپاردەیەکی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی مووچە و باشترکردنی بژێویی فەرمانبەرانی پلەنزم ئامادە کردووە.

بەپێی پێشنیازەکان، مووچەی بنەڕەتی زیاد دەکرێت و دوو دەرماڵە بە ڕێژەی %50 و %30 دیاری دەکرێن، لە بەرامبەردا سەرجەم دەرماڵەکانی دیکە هەڵدەوەشێنرێنەوە و نابێت کۆی دەرماڵەکان لە %50ی کۆی گشتیی مووچە نوێیەکە تێپەڕێت

لیژنەکە ئاشکرای کردووە کە لە خشتەی یاسای بودجەدا زیاتر لە 4 ملیۆن و 74 هەزار فەرمانبەر تۆمار کراون، بەڵام تەنها داتای نزیکەی دوو ملیۆن فەرمانبەر گەیشتووەتە دەستیان. لە بڕیاری پێشنیازکراوی ئەم هەموارەدا هیچ دامەزراوەیەک نابەخشرێت جگە لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان، هاوکات بۆ دەستکەوتنی داتای تەواو و ڕاگرتنی دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی بە یاسای تایبەت مووچە وەردەگرن، داوای دەستوەردانی یاسایی لە پەرلەمان دەکرێت.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، جەخت کراوەتەوە کە لە کاتی پەسەندکردنی کۆتایی خشتەکەدا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە بە مەرجێک وەزارەتی دارایی لە کاتی داواکردنی پارەدارکردندا میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم پێشکەش بکات. بەپێی وتەی ناوبراو، ئەم هەنگاوانە هێشتا لە قۆناغی ڕاسپاردە و لێکۆڵینەوەدان و نەگەیشتوونەتە قۆناغی پەسەندکردنی کۆتایی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *