ئابووری

ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ جۆرێک لە ئۆتۆمبێل درێژکرایەوە

باجی ئۆتۆمبێڵ – Slemani Daily

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی جۆری (میڵد هایبرێد – Mild Hybrid) بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.

بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کە ئەمڕۆ سێشەممە (1ی ئەیلوولی 2026) بە واژۆی کەمال ڕەئووف مارف، بەڕێوەبەری گشتی دەرچووە، وەزیری دارایی رەزامەندیی داوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ سودمەندبوون لە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی هایبرێدن.

لە نووسراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە ماوەی دیاریکراو بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی (Mild Hybrid) بە هەمان مەرج و لێخۆشبوونی گومرگیی پێشوو، لە ڕێکەوتی (1ی 9ی 2026) تاوەکو (1ی 11ی 2026) بەردەوام دەبێت.

ئۆتۆمبێلی (Mild Hybrid) جۆرێکە لە ئۆتۆمبێلە ژینگەدۆستەکان کە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی سووتەمەنی و دەردانی گازی ژەهراوی. حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشتر بۆ هاندانی هاووڵاتییان و بازرگانان لە کڕین و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ژینگەدۆست، بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگیی بۆ دەرکردبوون، درێژکردنەوەی ئه‌م ماوه‌یه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی پاراستنی ژینگه‌ و ئاسانکاریی زیاتردایە بۆ بازرگانانی بواری ئۆتۆمبێل.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *