بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، بەدرێژایی مێژوو، ژنانی کورد قورسایی زیاتریان لەسەربووە بەبەراورد بەو پاداشتەی وەریدەگرن، دەشڵێت، ژنان هەمیشە بڕبڕەی پشتی خێزانەکانیان بوون و پارێزەری کولتوور و بەرگریکاری خاک بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025، کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە کۆنفڕانسی هاوپەیمانیی سۆشیاڵ دیموکرات خوێندەوە و ڕایگەیاند، کاتێک باس لە پێشکەوتن و دیموکراسی و دادپەروەری دەکرێت، دەبێت باس لەوەشبکرێت کە هیچ لەمانە بەدەستنەدەهاتن بەبێ بەشداریی ژنان، گوتیشی، کۆمەڵگەیەک ژنان بێدەنگ دەکات یاخود قوربانییەکانی بەهەند وەرناگرێت، پێشناکەوێت.
سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەدا دەڵێت، دەمەوێت رێز لە هەموو ژنانی کورد بگرم، دایکی شەهیدان، ئەو ژنانەی لە ریزی پێشمەرگە دەجەنگن، ئەو ژنانەی لە سیاسەت و پەروەردە و کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەن، چونکە ئازایەتی و خۆڕاگریی ئەوان تەنیا سەرچاوەی شانازیی کورد نییە، بەڵکو رێبەری داهاتووشە.
هەروەها دەڵێت، “بەردەوامدەبین لە بەرگریکردن لە مافەکانى ژنان و ژنان لە قورسترین کاتەکاندا لە شاخ و شار شانبەشانی پیاوان وەستاون و هەندێکجار قوربانیی زیاتریشیان داوە”.
سەرۆکی یەکێتی لە کۆتاییدا دەڵێت: بەردەوامدەبن لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، تاوەکو سەرجەم دەرگاکانی بەردەمیان بکرێتەوە و دڵنیابنەوە لەوەی قوربانییەکانی ژنانی کورد بەشێوەیەکی یەکسان رێزیان لێدەگیرێت، دەشڵێت، پێکەوە ژنان و پیاوان کوردستانێکی بەهێزتر، ئازادتر بونیاد دەنێین.