گشتی

لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى لالەزار دەستبەکاربوو

لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى لالەزار دەستبەکاربوو و دەیان ماڵ و ئۆتۆمبێل، کە لە ڕووداوەکەی لالەزار زیانیان بەرکەوتبوو، تۆمارکراون بۆ قەرەبووکردنەوە و تیمەکانی قەرەبووش دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانییان، کە قەرەبووی تەواوی تێچوو و چاککردنەوە دەگرنە ئەستۆ.

دوای بەرکەوتنی زیانێکی زۆر بە خانوو و ئۆتۆمبێلی دانیشتووانی سلێمانی بەهۆی ڕووداوەکەی لالەزار، بافڵ تاڵەبانی ڕاستەوخۆ پەیامێکی بڵاو کردەوە و گوتی؛ سەرجەم زیانلێکەوتووانی ڕووداوەکەی لالەزار، قەرەبوو دەکرێنەوە.

بە بڕیار و بە بەسەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ڕووداوەکەی لالەزار پێکهات و ئەمڕۆ بە فەرمی دەستبەکاربوو.

عەباس بازیان، ئەندازیار لە تیمی قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەڵێت:زیاتر لە 70 پشکنین بۆ ئەو کەرەستە و شوێنانە کراون، کە زیانیان بەرکەوتووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانی هەموو ئەو ماڵانەیان کردووە کە زیانیان بەرکەوتووە و ئەوەی کە ئاگاداری تیمەکەی نەکردۆتەوە، بەزووترین کات پەیوەندییان پێوەوە بکات، هەروەها دەڵێت: زیانلێکەوتووان سەرپشکن لە هەڵبژاردنی قەرەبووی دارایی یاخود سەرپەرشتیکردنی کاری پێویست لە ڕێگای تیمەکانیان.

بەهۆی ڕووداوەکەی لالەزار لە 21ی ئەم مانگە، زیانێکی زۆر بەر خانوو و باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیان کەوت و بافڵ تاڵەبانیش بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، پێکهێنا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *