ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی 8ی 2025، بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، دووەمین کۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد لە سلێمانی دەستی پێ کرد.
کۆنفڕانسەکە بە چاودێری حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، توێژەر، ئەکادیمست، کەسایەتیی ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیران و شارەزایانی حەوت وڵاتی جیهان، دەستی پێ کرد. کۆنفڕانسەکە 28 توێژینەوەی زانستی لەخۆ دەگرێت و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
دوای بەخێرهاتن و سوپاسی ڕێکزەرانی کۆنفڕانسەکە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: “جینۆساید بەرهەمی ستەمکاری و خۆسەپێنی و تاکڕەوی و پاوەنخوازی و پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەوانی ترە و هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی یادەوەرییەکان و ئەوەی لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە بەرامبەر بە کورد کرا، تەنها جینۆساید نەبوو، بەڵکوو بەکۆی پڕۆسەکان پێکەوە هەوڵی لەناوبردنی جوانییەکانی کوردستان دراوە بە سروشتەکەشییەوە.”

