سەوزەفرۆشانی عەلوەی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و ڕایانگەیاند، پرۆسەی تێکدانی ئەو کێڵگانەی سەوزە لە تانجەرۆ کە بە ئاوی زێراب ئاو دەدران، کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕەکەیان دروست کردووە و ترس و دودڵیی لای هاووڵاتییان بۆ کڕینی سەوزە دروست کردووە.
ئامانج محەممەد، کاسبکار لە عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، فرۆشی ڕۆژانەیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و هاووڵاتییان وادەزانن سەوزەی عەلوەکەش هی ناوچەی تانجەرۆیە، لە کاتێکدا سەوزەکانی ئەوان لە ناوچەکانی کەلار و بازیانەوە دەهێندرێن و تەواو پاک و تەندروستن.
لە لایەکی دیکەوە ژیار عەبدوڵڵا، نوێنەری سەوزەفرۆشانی عەلوەکە داوای لە لیژنەکانی قایمقامیەت کرد بە شێوەیەکی ڕۆژانە سەردانی عەلوەکە بکەن و پشکنین بۆ بەرهەمەکانیان بکەن، تاوەکو هاووڵاتییان لە پاکیی سەوزەکان دڵنیا ببنەوە و ڕوویان لە ئاساییبوونەوە بکاتەوە.
