لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی کارکردن لە چوار پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان و یەکتربڕ بە گوژمەی زیاتر لە 45 ملیار دینار بەردەوامە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغیی هاتوچۆ لەسەر شەقامی بازنەییی مەلیک مەحمود و دەروازەکانی شارەکە.
ئەم پڕۆژانە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە جێبەجێ دەکرێن و پێکهاتوون لە:
یەکتربڕی شەهید شەوکەتی حاجی موشیر: گوژمەکەی پێنج ملیار و 238 ملیۆن دینارە و دەکەوێتە سەر شەقامی بازنەییی مەلیک مەحمود. زۆربەی کارەکانی تەواو بوون و پێشبینی دەکرێت پێش کۆتاییی ئەمساڵ بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
ئەندەرپاسی شەقامی سالم: گوژمەکەی حەوت ملیار و 800 ملیۆن دینارە و شەقامی مەلیک مەحمود، سەهۆڵەکە و سالم بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بڕیاریشە تا مانگی 12ی ساڵی 2027 تەواو بکرێت.
یەکتربڕی گۆیژە: گوژمەی پڕۆژەکە 17 ملیار و 423 ملیۆن دینارە و ماوەکەی 660 ڕۆژە، بڕیار وایە لە 7ی 6ی 2028 بە تەواوەتی بەکار بهێنرێت.
یەکتربڕی قەرەتۆغان: گوژمەکەی 15 ملیار دینارە و درێژییەکەی حەوت کیلۆمەترە. دەکەوێتە نزیک پردی وڵوبە و سەنتەری شار و ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە شەقامی 100 مەتری دەبەستێتەوە، ماوەی جێبەجێکردنەکەشی 550 ڕۆژە.
پێشتریش چەندین پڕۆژەی هاوشێوە لە شارەکە کەوتوونەتە کار؛ لەوانە یەکتربڕەکانی تۆفیق وەهبی، باخی بەختیاری، والی، ئارام، حەبسەخانی نەقیب و ئەندەرپاسی فاروق، کە ڕۆڵی بەرچاویان لە ئاسانکاریی هاتوچۆ و بەخشینی سیمایەکی هاوچەرخ بە سلێمانی هەبووە.
