بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین هاووڵاتییان لە دەرکەوتنی باندێکی نوێی فێڵکردنی ئەلیکترۆنی ئاگادار دەکاتەوە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە ناوی هاوسەرگیرییەوە پارە لە کچان دەدزن.
پۆلیس ڕایگەیاند کە باندەکە لە ڕێگەی چەند هەژمارێکی ساختەوە خۆیان وەک نووسینگەی ڕێکخستنی هاوسەرگیری دەناسێنن و دوای پێدانی بەڵێنی هاوسەرگیری، بە بیانووی دابینکردنی خەرجیی گواستنەوە و شوێنی نیشتەجێبوون داوای بڕە پارەیەک لە قوربانییەکان دەکەن و پاش وەرگرتنی، دەستبەجێ پەیوەندییەکەیان دەپچڕێنن و بلۆکیان دەکەن.
لەبەر ئەم مەترسییە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین داوا لە دایک و باوکان و سەرجەم هاووڵاتییان دەکات هۆشیاریی تەواو بە کچەکانیان بدەن تاوەکو نەبنە نێچیری ئەم جۆرە تەڵە ئەلیکترۆنییانە و لە پێناو پارە و ئاشکراکردنی زانیارییە کەسییەکانیاندا فریو نەخۆن.
