گشتی

قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بۆ هەمیشە بە شاری ئازادی دەمێنێتەوە

دوێنێ دووشەممە، 1ی 9ی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە موحەممەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق کرد و کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی جەختی لە پێویستیی سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان کرد و ڕایگەیاند، ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە سلێمانی ڕوویدا، لەپێناو چەسپاندنی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە.

هاوکات، گوتی: وەک چۆن سلێمانی بە شاری ئازادی، ئازادی کاری سیاسی و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان عێراق ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووش بە شاری ئازادی دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

سەبارەت بە دەستگیراوەکانیش گوتی: بەشێوەیەکی یاسایی مەمەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان دەپارێزرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *