قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، کە 36 تۆن خۆراک و کەرەستەی خراپ و ماوە بەسەرچوو لە سلێمانی لەنێوبردرا و پێنج شوێنی کارکردنیش کە پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی نین، داخراون.
قایمقامیەتی سلێمانی ئاماری کار و بەدواداچوونەکانی مانگی هەشت-ی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، مانگی ڕابردوو لە سلێمانی نزیکی 36 تۆن خۆراک و کەرەستەی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەنێوبردراوە و 5 شوێنی کارکردنیش داخراون.
هاوکات، تا ئێستا لیژنەکە سەردانی 6 هەزار و 149 لە بازاڕ و شوێنی گشتیی لە سنووری پارێزگاکە ئەنجامداوە و پسولەی سەرپێچیان بۆ 390 شوێنکار کردووە.
هەر لەئامارەکەدا قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ئەو مانگەدا 216 حاڵەتی ئاگادارکردنەوە هەبووە و 6 حاڵەتی دادگا تۆمارکراوە و 8 شوێنکار بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون.
هەروەها، ئەو شوێنانەشی کە ڕووبەڕووی داخستن بوونەتەوە بەهۆی دووبارە ئەنجامدانی سەرپێچی و پابەندنەبوونیان بووە، بەو ڕێنمایانەی کە پێشتر لە لایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە پێیان درابوون، هەر لە مانگی رابردوودا 50 ملیۆن دینار سزای دارایی ئەو شوێنکارانە دراوە کە پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون.