سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند: هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چڕتر دەکەینەوە، هەرکەسێک سەگ بباتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان سێ هەزار دینار پاداشت وەردەگرێت.
هاوکات دەشڵیت: “بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە کە هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت”.
هەروەها شارەوانی مەرجی هەیە بۆ گرتنی سەگەکان و دەڵێت: “مەرجەکانی گرتنی سەگەکان بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت، هەروەها لە کاتی ڕادەستکردنەوەیان بە شێڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت و ئەگەر ڕادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی دوو هەزار دینار پاداشت دەکرێت”.
ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەر کەسێک بیەوێت سەگ بگرێت و نەیباتە شێڵتەر، دەتوانێت لە شوێنێک کۆی بکاتەوە و تیمەکانی شارەوانی ئاگادار بکاتەوە، ئەوکاتە بۆ هەر سەگێک دوو هەزار دینار پاداشت دەکرێت.
شارەوانی سلێمانی داوا لە ئاژەڵدۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان دەکات پشتیوان و هاوکاریان بن لە هەڵمەتەکە.