گشتی

پەرلەمانتارێکی یەکێتی سێ پڕۆژە یاسا پێشکەشی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات

ئەندامێکى فڕاکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجومەنى نوێنەران داواى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى هەرێمى کوردستان و هاوکات داواى دامەزراندنى دەرچووى کۆلێژە پزیشکییەکان و داواى دانپێدانان بە زانکۆى گەرمیان دەکات.

بەدریە حسێن ئەندامى فڕاکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و ئەندامى لیژنەى خوێندنى باڵا و پەروەردە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت: “داوام لە وەزیرى خوێندنى باڵاى فیدڕاڵ کردووە، لە ناوچە جێناکۆکەکانیش بۆ خوێندکارانى پزیشکى سیستەمى پەڕینەوە جێبەجێ بکرێت و کارئاسانی بۆ خوێندکاران بکات.”

هاوکات دەشڵێت: “لە چوارچێوەى هەوڵەکانمدا نوسراوێکم بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى ساڵى 2023 بۆ وەزیرى دارایى کردووە، کە وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناوەکانى بۆ وەزارەتى دارایى ناردووە و وەزارەتى خوێندنى باڵاى فیدراڵیش ناوەکانیان بۆ وەزارەتى دارایى ناردووە و ئەمڕۆش من نوسراوێکم بۆ ئەو مەبەستە بۆ وەزیرى دارایى کردووە.”

ئاماژەی بەوەشدا: هاوکات ئەمڕۆ نوسراوێکى دیکەم بۆ وەزیرى تەندروستى حکومەتى فیدراڵ کردووە، بەمەبەستى دامەزراندنى خوێندکارانى دەرچووى کۆلێژى پەرستارى زانکۆى سلێمانى ساڵى 2015 – 2016 کە هەتا ئێستا بێبەش کراون لەو مافەیان.  

لە درێژەی هەوڵەکانی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، داوا دەکات کە دان بە زانکۆی گەرمیان دابنێن و نوسراوێکى دیکەی بۆ وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى فیدراڵ ناردووەکە زانکۆیەکى حکومیە و نزیکەى 24 هەزار خوێندکار تێیدا دەخوێنێت و هەموو مەرجە یاساییەکانى تەواو کردووە و هیچ گرفتێکى یاسایى لەبەردەم دانپێدانانیدا نەماوە.

لە کۆتاییدا ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان ئەوەشى ڕاگەیاند: لە ناوچە جێناکۆکەکان بڕیارێکی خوێندنى باڵا هەیە، کە سیستمى پەڕینەوە بۆ خوێندکارانى قۆناغى پێش کۆتایى کە لە کۆلێژە پزیشکییەکانى پزیشکى گشتى و دەرمانسازى و پزیشکى ددان دەخوێنن جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش بۆتە گرفتێک بۆ ئەو خوێندکارانەى کە لە تاقیکردنەوەکاندا لە تەواوى وانەکانیاندا نمرەى دەرچوون بەدەستناهێنن و منیش ئەمڕۆ بە نوسراوێک داوام لە وەزیرى خوێندنى باڵا کردووە، کارئاسانی بۆ خوێندکاران بکات و بۆ ئەوانیش ئەو سیستمە جێبەجێ بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *