گشتی

قوباد تاڵەبانی: کۆمپانیاکانی هۆڵەندا بەشدارن لە پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان

دوێنێ دووشەممە، 1ی 9ی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیی لە کریستۆفەر پرۆمێرسبێرگەر، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی هۆڵەندای لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و پەرەپێدانی تواناکان و کارسازیدا بەرز نرخاند و هیوای خواست هاوکارییەکانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا بەردەوام بێت.

لە گۆشەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هۆڵندا و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی کاری زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان کردەوە و بە تایبەتیش لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و پەرەپێدانی تواناکاندا.

قوباد تاڵەبانی ڕوونیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندنی ئابووریدایە و لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی هۆڵەندا بەشداربن لە پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووری کوردستان، هاوکات، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی بۆ پاڵپشتیکردن و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەر و کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لە کوردستان دەربڕی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *