دوو کەس لە قەزای کفری بە دەستڕێژی گوللە کوژران و قایمقامی قەزای کفریش دەڵێت، تا ئێستا دیار نییە کە ئەم کەیسە پەیوەندیی بە کوشتنی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم هەیە یان نا، لێکۆڵینەوە دەکرێت.
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری ڕایگەیاند: “ئەو دوو کوژراوە کوڕ و باوکن بە ناوەکانی ئەحمەد عەزیز حوسێن و عەزیز حوسێن، عەرەبن و لە قەزای کفری نیشتەجێ بوون.”
هاوکات دەشڵێت: “هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و بەدوای بکوژەکەدا دەگەڕێن.”
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، شەوی دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا.
بە گوتەی قایمقامی کفری، تاوەکو ئێستا نازانرێ ئەم رووداوە پەیوەندی بە کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم هەیە یان نا و “لێکۆڵینەوەی لێدەکرێ.”