بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد و ڕایگەیاند، لە هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هیواشی خواست کە پارتی و یەکێتی بگەنە ئەنجام و حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبهێنن.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبوونەوە و دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراقیان تاوتوێ کرد.
لە دیدارەکە کە تۆماسۆ سانسۆنێ، کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی کرا، هاوکات، سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەکە گوتی: “لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان. هیوادارین هەموو لایەنەکان پابەندی رێککەوتنەکان بن.”
هەروەها، لەبارەی پێکهێنانی کابینی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “هیوادارم گفتوگۆکانی نێوان شاندی یەکێتی و پارتی زوو بگاتە ئەنجام. دەمانەوێت حکومەتێکی خزمەتگوزار دابمەزرێت.”