گشتی

هەزاران ماسی لە بەنداوی دەربەندیخان مرداربوونەوە

هەزاران ماسی لە بەنداوی دەربەندیخان مرداربوونەوە و قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ماسییەکان بە بچووکی تێکەڵی حەوزی ماسی بوون و بەهۆیەوە لەنێوچوون.

سلێمان موحەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت: “تیمێکی تایبەتمەند چووە بەنداوەکە، دەرکەوت ئەو ماسییانەی مردوون کێشیان 50 بۆ 60 گرام دەبێت و لە جۆری چاتکەن”.

هاوکات، دەشڵێت: هۆکاری مردن و لەنێوچوونی ماسییەکان نەخۆشی نەبووە و بەدووریشە لە ڕاوکردنی نایاسایی و ماددە ژەهراوییەکان”.

سەبارەت بە هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکانیش، قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت: ئەو ماسییانەی مردوون بە بچووکی چوونەتە نێو قەفەسی هەڵواسراوی حەوزێکی بەخێوکردنی ماسی و دوای گەورەبوونیان نەیانتوانیوە بچنە دەرەوە، خاوەنی حەوزەکە کاتێک ماسییەکانی خۆی دەرکردووە بە نادروستی مامەڵەی لەگەڵ ماسییەکان کردووە و بووەتە هۆکاری لەنێوچوونی ئەو ماسییانەی لە دەریاچەکەوە چوونەتە حەوزەکەوە”.

بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بۆنی ناخۆش، قایمقامی قەزاکە بە شێوەیەکی زانستی و دوور لە مەترسی ماسییەکانی لەنێو بردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *