هەژماری من – Slemani Daily
هەزاران فەرمانبەر و مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی ڕاگرتنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش) دان، بەرپرسێکی بانکیی هۆشداری دەدات کە پڕنەکردنەوەی فۆرمی پرۆژەی (هەژماری من) دەبێتە هۆی بڕانی مووچەکانیان، هاوکات داوا لەو فەرمانبەرانەش دەکرێت کە کارتە بانکییەکانیان ئامادەیە، بە زووترین کات وەریگرنەوە.
فریاد فاخیر، بەڕێوەبەری بانکی سەروەران بە میدیای پارتی ڕایگەیاند کە پێدانی مووچەی مانگی شەش بەستراوەتەوە بە تۆمارکردن لە پرۆژەی “هەژماری من”. ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی تا ئێستا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، مووچەی ئەم مانگەیان پێ نادرێت تا ئەو کاتەی پرۆسەی تۆمارکردنەکەیان تەواو دەکەن.
سەبارەت بەو کارتە بانکییانەی کە چاپکراون بەڵام هێشتا لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەنەگیراونەتەوە، بەڕێوەبەری بانکی سەروەران ئاماژەی بەوە کرد کە ناوی ئەو کەسانە لە لیستی مووچەی بانکەکاندا دەستنیشان کراوە، ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێدەدرێت کە سەردانی کام بانک بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، هۆشداریش دەدات کە هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت لە وەرگرتنەوەی کارتەکەی، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە دواکەوتن یان وەرنەگرتنی مووچەکەی، تەنها لە بانکی سەروەران، زیاتر لە 3 هەزار کارتی بانکی ئامادەکراو هەن کە هێشتا مووچەخۆران سەردانیان نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەیان.
ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا (کە لە 22ی حوزەیرانی 2026 دەرچووە) جەختی لەسەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵ کردووەتەوە؛ بەپێی بڕیارەکە، هەر فەرمانبەرێک تا 31ی ئابی 2026 خۆی تۆمار نەکات و کارتە بانکییەکەی وەرنەگرێتەوە، بەغداد شایستە داراییەکانی ڕادەگرێت و ڕەوانەی هەرێمی ناکات.
بەپێی دواین ئامارەکانی وەزارەتی دارایی تا مێژووی 2ی حوزەیرانی 2026:
تۆمارکراوان: 1 ملیۆن و 168 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەی “هەژماری من” ناویان تۆمار کراوە.
کارتە دابەشکراوەکان: زیاتر لە 830 هەزار کارتی بانکی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە.
بەکارهێنانی کارت: بۆمووچەی مانگی ئایار، 800 هەزارکەس لەڕێگەی 635 ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM) مووچەکانیان وەرگرتووە.
