بەنداوی باوەشاسوار لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، وەک یەکەم بەنداوی هەرێمی کوردستان لە وەرزی بارانباریی ئەمساڵدا سەرڕێژ بوو.
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان، ڕایگەیاند کە سەرڕێژبوونی بەنداوەکە بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی شەوی ڕابردووی سنووری سەنگاو و گوندەکانی دەوروبەری بووە، لەگەڵ مانەوەی ئاوێکی زۆر لە بەنداوەکەدا بەهۆی داخرانی دەرچەی ژێرەوەی لە ماوەی ڕابردوودا.
بەنداوی باوەشاسوار توانای گلدانەوەی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی قەزای کفری و ناحیەکانی قەرەتەپە و جەبارەیە، هاوکات ئاو بۆ کۆمەڵگەی کشتوکاڵیی ناوچەکە دابین دەکات و 13 هەزار دۆنم زەوی کردووەتە بەراو.
