هێرشێكی چەكداری كرایە سەر ماڵی یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شاری كەركووک.
نۆفڵ حەمەد لهێبی، سەركردە و كاندیدی هاوپەیمانی حەسم لە كەركووک لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بوك ڤیدیۆیەكی بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاند: ”دوێنێ شەو لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقە لە ماڵەكەی كراوە و دواتر چەکدارەکان هەڵهاتوون بۆ شوێنێكی نادیارلە ڕووداوەكەدا كەس بریندار نەبووە و هەمووان سەلامەتن.”
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ڕاگەیاند، ڕووداوی تەقەکردن لە ماڵی نەوفەل حەمید هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە و بەربژێرەکە سکاڵای تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.
بە گوتەی عامر نووری، سکاڵاکارەکە هۆکاری ڕووداوەکەی بە سیاسی وەسف نەکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، “هێرشکارەکە دەناسم و ڕووداوەکە زیاتر کۆمەڵایەتییە.”

