دوو کارمەندی کۆماندۆ لە دادگا سزای یاسایان بەسەردا سەپێندرا
ئەمڕۆ یەکشەمە 12ی تشرینی یەکەمی 2025, لە دادگای سلێمانی بڕیار لەسەر دۆسییەی کوژرانی مێردمنداڵێک درا کە ساڵی رابردوو بە دەستڕێژی ئەندامێکی هێزەکانی کۆماندۆ کوژرا و بەپێی بڕیارەکەی دادگا، تاوانبار بە سزای بەندکردنی هەتاهەتایی سزادراوە.
چەند سەرچاوەیەکی میدیای بڵاویانکردۆتەوە: ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی دوو دۆسییەی کوشتن لەلایەن دوو کارمەندی هێزەکانی کۆماندۆ بڕیاری لەسەردراوە، یەکەمیان سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بۆ کارمەندێکی کۆماندۆ لەسەر کوژرانی مێردمنداڵێک بەناوی شا ڕەوەندە بابا عەلی کە ساڵی 2024 لە گەڕەکی ڕاپەڕین کوژرا.
دۆسییەی دووەمیش پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر کارمەندێکی دیکەی کۆماندۆ بە تۆمەتی کوشتنی ئاری چایچی بەهەمان شێوە لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی.