گشتی

هۆشداری لە مەترسیی دروستبوونی لافاو دەدرێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە چڕبوونەوەی شەپۆلی بارانبارین و مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین، سۆران و گەرمیان دەدات، هاوکات پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی بارستەهەوایەکی سارددا یەکەم بەفری ئەمساڵ ببارێت.

بەپێی داتاکانی کەشناسی، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ناوچەی چەمانکێ لە دهۆک بە تۆمارکردنی 63 میلیمەتر زۆرترین ڕێژەی بارانی لێ باریوە، و پێشبینی دەکرێت لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری بگاتە ناوچەکە و پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی دابەزن، بە شێوەیەک لە بەرزیی زیاتر لە 1600 مەتر و سەنتەری شارەدێی حاجی ئۆمەران یەکەم بەفری ئەمساڵ ببارێت.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێشبینی دەکرێت شەپۆلی سەرەکیی بارانبارین بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە کۆتایی پێبێت و لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەوە کەشوهەوای ناوچەکە بەرەو جێگیربوون بچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *