نرخی زێڕ – Slemani Daily
دوای دابەزینێکی کاتی لە ڕۆژی ڕابردوودا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 150 دۆلار هەڵکشا و گەیشتە 4,440 دۆلار، بەمەش نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیشدا بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بازاڕەکانی جیهان بەرزبوونەوەیەکی خێرایان لە نرخی زێڕدا بەخۆیەوە بینی، دوێنێ بەیانی نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 4,283 دۆلار دابەزیبوو، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە ڕەوتی پێچەوانەی وەرگرت و ڕووی لە هەڵکشان کرد تاوەکو ئاستی 4,440 دۆلاری تۆمار کرد.
ئەم بەرزبوونەوە جیهانییە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستکرد و نرخی جۆرە جیاوازەکانی زێڕ (بە دینار) بەم شێوەیەی خوارەوە جێگیر بوو:
زێڕی عەیارە 18: مسقاڵێک بە 830,000 دینار
زێڕی عەیارە 21: مسقاڵێک بە 968,000 دینار
زێڕی عەیارە 24: مسقاڵێک بە 1,105,000 دینار
بازاڕی جیهانیی زێڕ ماوەیەکی درێژە تووشی جێگیرنەبوون و سەرهەڵدانی سەربار بووە، کە بەهۆی گۆڕانکارییە ئابوورییە جیهانییەکان و جەنگی ئەمریکا و ئێران ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە دروست بووە. دابەزینە کاتییەکەی دوێنێش تەنیا شۆکێکی کورتخایەنی بازاڕ بوو، نەک ڕەوتێکی بەردەوام، چونکە وەبەرهێنەران هێشتا زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لە کاتی هەڵئاوساندا دەبینن.
