کوشتنی مامۆستایەکی ئاینی- Slemani Daily
تەرمی شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجەعد، ئیمامی مزگەوتی گوندی تەلالین لە باکووری حەلەب، بە سەری لەلاشەجیاکراوەوە لە کەناری ڕێگای سووران-تەلالین دۆزرایەوە، دوای ئەوەی لەلایەن چوار کەسەوە بە بیانووی بەشداری لە پرۆسەیەکی هاوسەرگیریدا ڕفێندرابوو.
بەپێی میدیاکانی سوریا، ناوبراو دوای ئەنجامدانی نوێژی عەسر بە یاوەری ئەو چوار پیاوە ماڵەکەی جێهێشتووە، بەڵام دواتر پەیوەندییەکانی پچڕاون و تەرمەکەی بە شێوازێکی دڕندانە دۆزراوەتەوە. تۆمەتی سەرەکیی ئەم تاوانە ئاڕاستەی گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکە دەکرێت، کە پێدەچێت بەهۆی هەڵوێستە ئایینییەکانی ناوبراوەوە ئەنجامدرابێت سەبارەت بە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر و هەروەها پەیوەستبوونی بە ڕێبازی سۆفیگەرییەوە.
شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجەعد کەسایەتییەکی ئایینی و پەروەردەیی دیاری ناوچەکە بوو؛ جگە لە ئیمامەتی مزگەوتی گوندی تەلالین، لە پەیمانگای ئیمامی نەوەوی بۆ خوێندنی ئیسلامی و عەرەبی لە شارۆچکەی مارع و قوتابخانەی ئیسلامی عوبەیدەی کوڕی جەراح لە گوندی تورکمان بارح وەک مامۆستا وانەی وتووەتەوە.
