نرخی زێڕ – Slemani Daily
زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵاوسانی ئابووری بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووە هۆی تێکدانی کەشی گەشبینی بازاڕەکان و بەو هۆیەشەوە نرخی زێڕ لە کۆتا مامەڵەکانیدا پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نزیکەی $90 دۆلار لە بەهای هەر ئۆنسەیەک دابەزی.
لە نوێترین گۆڕانکارییەکانی بازاڕی پێشبڕکێی کانزا بەهادارەکاندا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە لوتکەی کرانەوەی بازاڕ کە 4,198 دۆلار بوو، بۆ 4,111 دۆلار دابەزی ،شارەزایانی دارایی هۆکاری ئەم دابەزینە خێرایە بۆ ئەگەری دەستێوەردانی بانکە ناوەندییەکان دەگێڕنەوە؛ بە جۆرێک کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان پەنا بۆ بەرزکردنەوەی “سووی بانکی” ببەن، ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی نەریتی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەڵکشانی بەهای زێڕ.
ئەمڕۆ لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4,124 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەهای زێڕ بەم شێوەیە:
زێڕی عەیار 18 به 789 هەزار دینارە
زێڕی عەیار 21 بە 921 هەزار دینارە
زێڕی عەیار 22 بە 965 هەزار دینارە
زێڕی عەیار 24 بە 1,053,000 هەزار دینارە
ئۆنسویەک زیو بە 62.63
لیرە 885 دۆلار
لەسەر هەمان بابەت، ئۆستن گوڵسبی، سەرۆکی بانکی یەدەگی فیدراڵی لە شیکاگۆ، نیگەرانی قووڵی خۆی لەسەر ئاڕاستەی پەرەسەندنی نرخەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە هەڵاوسانەکە گەیشتووەتە ئاستێک زۆر لەو ئامانجە بەرزترە کە پێشتر دیارییان کردبوو، هۆشداریشی دا کە ڕەنگە ئەم دۆخە نەرێنییە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت.
ئەم دۆخە شڵەژاوەی بازاڕی دارایی جیهان دوای ئەوە دێت کە ململانێ و جەنگی چوار مانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران کە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بەرزکردنەوەی تێچووی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ بەکاربەران، لە کاتێکدا لە سەرەتای دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کەشێکی ئەرێنی باڵی کێشابوو، بەڵام بەردەوامیی مەترسییە ئابوورییەکان جارێکی تر هاوسەنگی بازاڕەکانی گۆڕی.
