ئابووری

ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران نرخی نەوت دابەزاند؛ زێڕیش ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کرد

دەقی هەواڵ

نەوت و زێڕ  – Slemani Daily

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، بازاڕەکانی وزە و کانزا بەبەهاکان گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیەوە بینی، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێککەوتنی نوێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا پاشەکشەیەکی بەرچاوی کرد، لە بەرامبەردا نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهانی و ناوخۆیی بازدانێکی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی نرخەکەی بەرزبوویەوە.

سەرچاوە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لێکگەیشتن و ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بووەتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ زیادبوونی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا، ئەمەش نرخەکەی بەم شێوەیە دابەزاند:

 نەوتی خاوی برێنت: دابەزی بۆ 80.70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

 نەوتی خاوی ئەمریکی (WTI): گەیشتە 82.94 دۆلار.

لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی کانزا زەردەکە بەتەواوی گەرم بووە؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لە 4,316 دۆلارەوە بازانی دا بۆ 4,322.70 دۆلار. ئەم گۆڕانکارییەش ڕاستەوخۆ نرخی مسقاڵی زێڕی لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە:

 زێڕی عەیارە 24: 1,079,000 دینار.

 زێڕی عەیارە 22: 990,000 دینار.

 زێڕی عەیارە 21: 945,000 دینار.

 زێڕی عەیارە 18: 810,000 دینار.

بۆچوونی شرۆڤەکارانی ئابووری وایە کە هەر کاتێک لێکتێگەیشتنی سیاسی لە نێوان هێزە گەورە و کاریگەرەکانی کەرتی وزە وەک ئەمریکا و ئێران بێتە ئاراوە، دڵڕاوکێی جیۆپۆلەتیکی لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی وزە کەم دەبێتەوە و هێوربوونەوەی تێدەکەوێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، لە بەرامبەردا، وەبەرهێنەران لە کاتی گۆڕانکارییە گەورە ئابوورییەکاندا هەمیشە زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بەکاردەهێنن، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکەی ئەمڕۆی زێڕە لە بازاڕەکاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *