بەرێوبەرایەتی کارەبای سلێمانی پلان و ئامادەکاری خۆی بۆ زستان ڕاگەیاند
ئەمڕۆ چوارشەمە 8ی تشرینی یەکەمی 2025، سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، “هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ وەرزی زستان، تا كەمترین كێشە بۆ كارەبای پڕۆژەی نیشتیمانی دروست ببێت، بەدەر لە هەندێك حاڵەتی تایبەتی و جیاوازی سروشتی نەبێت، هیچ كێشەیەك بۆ پڕۆژەی ڕووناكی دروست نابێت”.
سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشکردوە، “مۆلیدەكان گرێبەستیان لەگەڵدا كراوە بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێننەوە و پاشان گرێبەستەكەیان بۆ ماوەی سێ مانگی تر نوێ دەكرێتەوە، دواتر حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی مۆلیدەكان دەدات”.
بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکیەوە کارەبای بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکان بووەتە 24 کاتژمێری، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 3,200 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکاندا کوژێنراونەتەوە، لەوانە 2197 مۆلیدە لە هەولێر، لە سلێمانی 604 مۆلیدە، لە دهۆک 356 مۆلیدە و لە هەڵەبجەش 65 مۆلیدە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی دەرچوونی 600,000 تۆن لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی راگەیاند. لە مانگی ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دا.