وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەشناسی ئاماری کۆتاییی شەپۆلی بارانبارینی بڵاوکردەوە، کە تێیدا چۆمان و هەولێر و دەربەندیخان و سلێمانی زۆرترین بڕی بارانیان تێدا تۆمار کراوە و لە سەنتەری شاری هەولێریش بەهۆی زۆریی ڕێژەی دابارینەوە لافاو دروست بووە.
بەپێی ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر لە چۆمان بە 88.5 میلیمەتر، بەنداوی گۆمەسپان بە 83.3 میلیمەتر و سەنتەری هەولێر بە 70 میلیمەتر لە پێشەنگدا بوون؛ هەروەها لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەربەندیخان 70 میلیمەتر و قەرەداغ 67 میلیمەتر بارانیان لێ باریوە، کە کۆی گشتیی بارانبارینی دەربەندیخان گەیشتووەتە 207.8 میلیمەتر و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە.
لە پارێزگای دهۆکیش، ناوچەی بجیل بە تۆمارکردنی 63 میلیمەتر زۆرترین ڕێژەی بارانی پێشوازی لێ کراوە، و لە سەنتەری دهۆک 21.4 میلیمەتر و لە زاخۆش 12.6 میلیمەتر باران باریوە.
