لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا بۆ ماوەی هەفتەیەک مەرجی پێشکەشکردنی فۆڕمی خۆراک بۆ وەرگرتنی غازی ماڵان لاببات، و جەختیشی کردەوە کە دەبێت سەیارەکانی دابەشکردنی غاز بە خۆیان و مۆسیقاکانیانەوە بچنە ناو کۆڵانەکان و لەبەردەم ماڵەکاندا غاز دابەش بکەن.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا لە ئەمساڵدا هیچ کێشەیەکی کەمیی غازیان نییە و عەمبارەکان پڕن، و ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەبێت تاوەکو دۆخەکە بەڕێوە دەبرێت؛ هاوکات ئاگاداری سەرجەم بریکارەکانی غاز کراوەتەوە کە پابەندی گەڕان بن بەناو کۆڵانەکاندا و هاوڵاتییانیش ئاگادار کراونەتەوە لە کاتی بوونی هەر گلەییەکدا پەیوەندی بە لیژنەکانی قایمقامیەتەوە بکەن.
