بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن چەند ڕێنماییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی پلانی تایبەتی خۆی بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ و پاراستنی سەلامەتی قوتابیان ڕاگەیاند: “سنووردارکردنی هاتنی بارهەڵگرەکان لە ڕۆژی یەکشەممە، 21ی ئەیلوولی 2025، لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی تا 8:30ی بەیانی، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو شاری سلێمانی (لە رێگەی بازگەکان و سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود) قەدەغە دەکرێت، جگە لە ڕۆژانی هەینی، ئامانج لەم بڕیارە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و گیروگرفتەکانی هاتووچۆیە لە کاتی چوونی قوتابیان بۆ قوتابخانە”.
هاتوچۆی سلێمانی داوای ئەوەشی لە شۆفێران کرد کە ڕەچاوی خێراییەکانیان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکەن و شۆفێران ئاگادارییەکی زیاتریان هەبێت بۆ منداڵان و پیادەڕەوان، بەتایبەتی لە کاتی دەستپێکی ڕۆژ و کۆتایی هاتنی دەوامدا.
هەروەها لە ڕێنمایەکە هاتووە: خاوەن پاسەکان کە منداڵ و قوتابییان دەگوازنەوە، ڕەچاوی ژمارەی یاسایی قوتابیان لەناو پاسەکانیاندا بکەن و سەرنشینی زیادە سەر نەخەن،هاوکات، نابێت ڕێگە بە منداڵان بدرێت بەشێک لە جەستەیان لە جامەکان دەربکەن و دەبێت لە جێی خۆیان دابنیشین، لە کاتی سەرکەوتن و دابەزین لەبەردەم قوتابخانەکاندا، نابێت ئاستەنگ و قەرەباڵغی دروست بکرێت.
هەروەها دەشڵێن: هەر کەسێک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت، سزا دەدرێت و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.