تەندروستی

 دایکێکی دووگیان دوای نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا

دەقی هەواڵ

کەلار ــ Slemani Daily

دایکێکی دووگیان دوای نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەیەک لە کەلار باری تەندروستی تێکچوو و دوای گەیاندنی بە سلێمانی گیانی لەدەستدا؛ کەسوکارەکەشی نەخۆشخانەکە بە هەڵەی پزیشکی تۆمەتبار دەکەن.

ئەمشەو لە ڕووداوێکی تەمومژاوی ئافرەتێکی دووگیان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون لە نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب لە کەلار، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی سلێمانی کرا و لەوێ گیانی لەدەستدا، کەسوکاری کۆچکردووەکەش نەخۆشخانەکە و پزیشکان بە کەمتەرخەم دەزانن.

دەرهاویشتەی نەشتەرگەرییەکە و تۆمەتی کەسوکارەکەی

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ئافرەتە دووگیانە کە دایکی دوو منداڵی دیکەشە، ئەمشەو لە نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب لە کەلار نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ کراوە. بەڵام کەسوکاری نەخۆشەکە دەڵێن: “پشکنینی ژێر پێستی بۆ نەکراوە، بەو هۆیەوە دەستبەجێ باری تەندروستی تەواو خراپ بووە و بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە شاری سلێمانی کراوە.”

سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان، دوای نەشتەگەریەکە ئەو دایکە لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەی بە توندی خەتای ڕووداوەکە دەخەنە ئەستۆی پزیشکانی سەرپەرشتیار و نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب و بە “هەڵەی پزیشکی” ناوی دەبەن.

ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە ئەمە دەبێتە دووەم حاڵەتی هاوشێوە لە دەڤەری گەرمیان، کە تێیدا ئافرەتی دووگیان بە گومان و تۆمەتی هەڵەی پزیشکی گیان لەدەستدەدەن،

پێشتریش ئافرەتێکی دیکەی دووگیان هەر لە کەلار، دوای لێدانی دەرزییەک باری تەندروستی تێکچوو و کەوتە دۆخی بێهۆشییەوە، دوای 12 ڕۆژ مانەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، ئەویش گیانی لەدەستدا. 

دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی زۆری لە نێو هاووڵاتیانی ناوچەکەدا لێکەوتووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *